پرۆژەی ئارتفرۆش پێشانگەی (ڕشتەی برین)ی گۆران محەمەد دەکاتەوە

لەدرێژەی چالاکییەکانیدا بۆ خزمەتی هونەری شێوەکاری و شێوەکارانی کورد، پرۆژەی ئارتفرۆش پێشانگەی (ڕشتەی برین)ی هونەرمەند گۆران محەمەد دەکاتەوە.

گۆران محەمەد لەبارەی ناوەڕۆکی پێشانگەکەوە دەڵێت” برین چەمکێکی گشتگیرە لەم ئەزموونی کارکردنە هونەرییەدا و هەڵگری ناوەڕۆکێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو وەک شێوازێک لەپاڵ تەکنیک و فۆرمە بینراوە هونەرییەکان و پانتایی ڕشتە جۆراوجۆرەکانی بریندا هاتۆتە بوون”.
لەبارەی میتۆدی کارەکانیشەوە دەڵێت ” ئەم ئەزموونە هونەرییە، هێڵکاریی و ئاوێتەبوونە لەگەڵ ڕەنگدا و پیشاندانەوەیانە لە ڕووبەرێکی فراواندا”.

گۆران محەمەد یەکێکە لە شێوەکارەکانی کوردستان و ساڵی 1991 لەدایکبووە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە رانیە تەواوکردووە و جگە لەپێشانگەیەکی تایبەتی خۆی، لەچەندین پێشانگەی هاوبەشدا بەشداری کردووە.

پێشانگەی (ڕشتەی برین) لە بەرواری 3ی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات و ماوەی دوو هەفتە لە دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

Scroll to Top