ئارتفرۆش خوولی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی کاری هونەری کردەوە

لەنوێترین چالاکیدا بۆ پاڵپشتی هونەرمەندان و بەرەوپێشچوونی تواناکانیان، پرۆژەی ئارتفرۆش خوولی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی کاری هونەری بۆ هونەرمەندان کردەوە.

رەبەن عیزەت، رێکخەری پرۆژەی ئارتفرۆش لەبارەی خوولەکەوە دەڵێت “یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان خوولێکی تایبەت بە چاککردنەوە و نوێکردنەوەی کارە هونەرییەکان بکرێتەوە و هونەرمەندان بتوانن فێری تەکنیکەکانی چاککردنەوە و نوێکردنەوە بن و پارێزگاری لە کارە هونەرییەکانیان بکەن.”

 خوولەکە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ لە دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی بەڕێوەچوو و لەلایەن عەلی کازم، پسپۆڕی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی کاری هونەری لە کۆلێژی هونەری پۆڵۆنیا و بەڕێوەبەری بەشی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی بەغدادەوە بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی پێشکەشکرا.

“هەوڵمانداوە زانیاری بەسوود و پراکتیکی لەڕێگەی ئەم خوولەوە پێشکەش بکەین و هانی ئەو گەنجە بەتوانایانە بدەین کە گرنگی بە هونەری شێوەکاری دەدەن. هەروەها کۆمەڵێک کەسی راهێنراو ئامادە بکەین بۆ پاراستنی کارە شێوەکارییەکان لە هەموو زیان و تێکچوونێک.” عەلی کازم لەبارەی ئامانج و گرنگی خوولەکەوە وای وت.

رازە کاوە یەکێکە لە هونەرمەندانی بەشداربوو و بەم شێوەیە باسی خولەکە دەکات “هەمیشە حەزمکردووە بەشداری لە خوولێکی لەم شێوەیە بکەم و بە خۆشحاڵییەوە ئارتفرۆش بۆ یەکەمین جار لە هەرێمی کوردستان ئەم هەلەی بۆ رەخساندین. خوولەکە بە شێوازێکی زۆر پرۆفیشناڵانە دوترێتەوە و ستافێکی زۆر دڵسۆز لەگەڵمانن.”

ئارتفرۆش پلاتفۆرمێکی هونەریی کوردییە. تایبەتە بە برەودان و بەبازاڕکردنی کاری شێوەکارانی کورد لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لە بوارەکانی (تابلۆ، پەیکەر، سیرامیک، دیجیتاڵ ئارت).

Scroll to Top